بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە کونسولی گشتیی ئەمەریکا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسولی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە و گرنگی سەردانی داهاتووی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد. جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی زیاتر لە بوارە جیاجیاکاندا کرایەوە، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی حکومەت بۆ واشنتن وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ برەودان بەو پەیوەندییانە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە هەنووکەییەکان وەسف کرا.
ئەم دیدار و بەسەرکردنەوانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا.