Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوه‌: گەلی کوردستان لە مێژوویدا ڕێزی لە توانا و لێهاتوویيی ئافرەتان گرتووە

ڕۆژی یەکشەممە ٤ى ئايارى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیيەکانی دەرەوە، لەگەڵ ئیزابێل ڕۆما، باڵیۆزی گشتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوی فەرەنسا و یان بریم، کونسولی گشتيی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان کۆبووەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا خاتوو ئیزابێل ڕۆما سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازیکردن و پاڵشتی و هەماهەنگیکردن و ئامادەکارییەکان لەپێناو بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی (دەنگی ئافرەتانی بێسنوور) کە لە ڕۆژانی ٢ و ٣ی ئایار لە هەولێری پایتەخت، بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و بووە پانتایيەک بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتان و بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە: گەلی کوردستان لە مێژوویدا ڕێزی لە توانا و لێهاتوویيی ئافرەتان گرتووە و لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لەژێر ئەو چەترە دیموکراسیيە دەیەوێت مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت و بەرەو باشتری ببات، هەموو ئەمانەش لە ڕێگه‌ی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و دۆستەکان دەکرێن، لە نێوانیاندا فەرەنسا کە دۆستێکی نزیکی گەلی کوردستانە.