بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ بەرپرسی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق کۆبووەوە
ڕۆژی چوارشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ تیتوان میترا، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق کۆبووەوە.
دزەیی سوپاسی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها باسیان لە دۆخی گشتی و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و جەخت لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامیی هاریکاری و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کرایەوە. هەروەها باس لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان کرا.
بەرپرسی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کرد کە هەمیشە هاوکاربوونە بۆ سەرخستنی پرۆژەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان و ئامادەییی خۆیان بۆ هاوکاریی زیاتر لە بوارە جیاوازەکان دەربڕی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ڕێکخراوی ناوبراو.