Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ نوێنەری تایبەتى یەکێتیى ئەورووپا بۆ وڵاتانى کەنداو کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە لویدجی دی مایۆ، نوێنەرى تایبەتى یەکێتیى ئەورووپا بۆ وڵاتانی کەنداو کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕادو بوتەم، بەرپرسی نووسینگەى یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان ئامادەی بوو. دزەیی تیشکى خستە سەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق بە گشتى و بە تایبەت دواى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ڕوانگەى هەرێمى کوردستانى خستە ڕوو لە بارەى پێکهێنانى حکومەتى تازە لە بەغدا.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێز لیودجى سوپاسی حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ بانگهێشتکردنیان و بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندى مێپس لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا لە شارى دهۆک و ئەو دیدارانەى کە لەو کۆڕبەندە ئەنجام دران بە گرنگ وەسف کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ئاشتى و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەراست.

هەروەها ئاماژەى بەوە دا کە یەکێتىی ئەورووپا بەردەوام دەبێت لە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و پەسنى کارەکانى نێردەى یەکێتیى ئەورووپاى کرد لە هەرێمى کوردستان.

هەوڵەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان و پتەوکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و یەکێتیى ئەورووپا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.