بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی کرد
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە غولام ئیسحاقزا، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی کرد.
بەرپرسی فەرمانگە باسی لە بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کرد کە بڕیارە سبەى سێشەممە ١١ی تشرینی دووەم، ئەنجام بدرێت. هەروەها باسیان لە دۆخی گشتی و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بارودۆخی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
غولام ئیسحاقزا سوپاسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکومەتی هەرێمی کرد بۆ هاوکاری و ئاسانکارییەکانیان بۆ سەرخستی پرۆژە و کاروباری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەرێمی کوردستان و باسی لە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە کاتی هەڵبژاردن و پشتگیرى بۆ سەرخستنى پرۆسەکە دووپات کردەوە.