Skip to the content

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت: بە توندى سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى ڕابردووى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیی دەکەین هەڵوێستیان بەرامبەر ئەم تاوانە هەبێت

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە توندى سەرکۆنەى هێرشە تیرۆریستییەکەى شەوى ڕابردووى ٢٦ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٥ى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەکات؛ کە مەبەست پێکانى ژێرخانى ئابوورى و خزمەتگوزاریى گشتى لە هەرێمى کوردستان و عیراق و دروستکردنى هەڕەشەى ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرىی هەرێم و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی.

ئەم هێرشە بۆ سەر کێڵگەى کۆرمۆر بۆتە مایەى پچڕانى وزەى کارەبا لەسەر چەندین ملیۆن هاووڵاتى. لە ڕابردووشدا هێرشى تیرۆریستى لەم شێوەیە بۆ سەر ژێرخانى ووزە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە. سەرەڕاى ئاشکرابوونى ئەو لایەنانەى کە کردەوەکانیان ئەنجامداوە ڕێکارى پێویستیان بەرامبەر نەگیراوەتەبەر.

هێرشى شەوى ڕابردوو بووە هۆکارى پەکخستنى تەواوى کێڵگە گازییەکە و دابەزینى ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا بەشێوەیەکى بەرچاو، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەرى دەکاتە سەر ژیانى هواوڵاتییان لە هەرێمى کوردستان و بەشێکى عیراق.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هێرشە تیرۆرستییەی بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ژێرخانی ئابوورییەکەی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی هەرێمی کوردستان و عیراق.

داوا لە لایەنە بەرپرسەکانى حکومەتى فیدڕاڵ دەکەین کە بە جددى بە دواداچوون بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییە بکەن تاکو تاوانباران بە سزاى خۆیان بگەیەنن. بۆ ئەوەى لە ئاییندەدا ئەو کردەوە تیرۆریستییانە دووبارە نەبنەوە.
داواکارین پاڵپشتیى هەرێمى کوردستان بکەن لە دابینکردنى سیستەمى بەرگرىی ئاسمانی لە پێناو پاراستنى سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە بەشێکى دانەبڕاوە لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.

داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین ئەم کردەوە تیرۆریستیانە سەرکۆنە بکەن کە کاریگەرى نەرێنى لەسەر سەقامگیرى و پەرەپێدانى هەرێم هەیە و پاڵپشتیى خۆیان بۆ پاراستنى ئاسایشى ووزە و ژێرخانى ئابوورىی هەرێم دووپات بکەنەوە. هەروەها داوا دەکەین کە لە ڕێگاى کەناڵە دیپلۆماسییەکانى خۆیانەوە فشار بخەنە سەر حکومەتى فیدڕاڵ بۆ ئەوەى ڕێگرى بکات بۆ ئەوەى لە ژێر هەر پەردەیەکدا بێت چیتر ئەم جۆرە تاوانانە دەرهەق بە هەرێمى کوردستان ئەنجام نەدرێت.

هەرێمى کوردستان پابەندى خۆى دووپات دەکاتەوە لە پاڵپشتى کردنى ئاسایش و سەقامگیرى و پێکەوەژیانى ئاشتیانە و بەرەنگاربوونەوەى تووندوتیژى و کردەوەى تیرۆریستی.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥