Skip to the content

ڕێوڕەسمێک بۆ ناساندن و خستنەڕووى کارەکانى چەندین کۆمپانیاى هۆڵەندى لە بوارەکانى وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و سامانى ئاژەڵ بەڕێوە چوو

ڕۆژى دووشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونى سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، جانێت ئالبێرتا باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عیراق، ئەدریان ئایسڵستاین کونسوڵى گشتیی هۆڵەندا لە هەرێم، د.محەممەد شوکرى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان، ژمارەیەکى زۆرى خاوەن کۆمپانیا، وەبەرهێنەران و پیاوانى کارى هۆڵەندا و هەرێمى کوردستان، ڕێوڕەسمێک بۆ ناساندن و خستنەڕووى کارەکانى چەندین کۆمپانیاى هۆڵەندى لە بوارەکانى وەبەرهێنان،کشتوکاڵ و سامانى ئاژەڵ بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، ئەدریان ئایسڵستاین کونسوڵى گشتیی هۆڵەندا لە هەرێم، گوتى: "دەخوازین پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و تەواوى عیراق بدەین، لە بوارەکانى کشتوکاڵ، ئاو و ئاوەڕۆ، سەرچاوەى وزەى پاک، شیرەمەنى و ئاژەڵدارى. هۆڵەندا لەم بوارانە سەرکەوتووە و زۆرێک لە کۆمپانیا هۆڵەندییەکان ئەمڕۆ لێرە لەگەڵمان ئامادەن بۆ کارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان".

هەروەها گوتی: "ئێستا تەنها بڕێکى کەمى بەرهەمى ناوخۆیی هەیە، بەشى پێداویستیی بەکارهێنەران ناکات؛ هەوڵەکانى ئێمە لەگەڵ سیاسەتى حکومەتى هەرێم یەکدەگرێتەوە، کە دەیەوێ گرنگى بە ئاسایشی خۆراک و دەستى کارى ناوخۆیی و دەرفەتى کار و وەبەرهێنان بدات".

دواتر سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى درەوەى حکومەت، لە وتەیەکدا گوتى: "ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بە ئامانجى پتەوکردنى پەیوەندییەکانمان لە بوارى ئابوورى، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، شیرمەنى و سامانى ئاژەڵى. ئەمڕۆ لەگەڵ باڵیۆزى هۆڵەندا لە دیدارێکم باسى گرنگیی بایەخدان بەو جۆرە پەیوەندیانەمان کرد. پێشتریش لە پاریس و لە ڕۆما بۆ هەمان مەبەست کۆڕبەند و کۆبوونەوە ڕێکخراوە".

سەفین دزەیی لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: "وەک حکومەتى هەرێم و وەزارەت و دامەزراوە پەیوەنددارەکان، پێشوازى لەو هەوڵانە دەکەین کە دەبنە مایەى گەشەسەندنى کەرتى ئابوورى و کشتوکاڵ و ئاسایشى خۆراک لە هەرێمى کوردستان. ئێوە لێرەن بۆ ئەوەى ئاشنامان بکەن بە ئەزموون و شارەزانى و پێشکەوتنەکانتان؛ بە هیوام هەرێمى کوردستان و تەواوى عیراق، بە هاوکاریی دۆستانمان بتوانن بگەنە قۆناغێک بۆ پشبەستن بە خودى خۆیان لەڕووى دابینکردنى بەرهەمى خۆماڵى".