Skip to the content

کونسوڵى گشتیى نوێى ئەردەن لە هەرێمى کوردستان سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد

بە بۆنەى دەستبەکاربوونى وەک کونسوڵى گشتیى نوێى وڵاتى ئەردەن لە هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، زیاد عیسا ئەلبەتارسە، سەردانى فەرمانگەى پەیوندییەکانى دەرەوەى کرد و لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لێ کرا.

دزەیی پیرۆزباییی دەستبەکاربوونى لە کونسوڵى گشتیى نوێی ئەردەن لە هەرێم کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکەى بۆ خواست. ئامادەییی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى دەربڕى بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەپێناو سوود و بەرژەوەندیی هەردوولا.

هەروەها پوختەیەکى سەبارەت بە سیاسەت و تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمەڕ پەیوەندییەکان و پرسە هەنووکەییەکان و پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا و پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق و یاساى هەڵبژاردن پێشکەش کرد.

دواتر زیاد عیسا خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا کە لە هەرێمى کوردستان ئەرکە دیپلۆماسییەکانى ڕادەپەڕێنى و گوتى؛ خاڵى هاوبەشى نێوان ئەردەن و هەرێمى کوردستان زۆرن و هەوڵ دەدەین لە چەندان بوارى دیکەش بەیەکەوە کار بکەین، ئەویش بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندیى نزیکى سەرکردە سیاسییەکانى هەردوولا و سەردانە فەرمییەکان و بوونى چەندان یاداشتى لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاکان بۆ خزمەتى هەردوو گەلى دۆست.