ئاهەنگی ڕۆژی نیشتیمانیی ئەڵمانیا لە هەولێر بەڕێوە چوو

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومەت و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکار و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی و میوانان، کونسوڵگەری گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر مەڕاسیمێکی بە بۆنەوەی ڕۆژی نیشتیمانیی وڵاتەکەیان و ئاهەنگی ٣٥ ساڵەی یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا ڕێکخست.
لە مەڕاسیمەکەدا د. دانیێڵ کریبەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق، وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "ئاهەنگی ئەمشەومان ڤێرژنێکی کورتی چیڕۆکێکی درێژە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ساڵی ١٩٨٩ کە تا ئەودەم ئەڵمانیا دوو بەش بوو. خواست بۆ ئازادی لەلایەن ئەڵمانەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەندە بەهێز بوو لە ئەنجامدا دیواری بەرلین بەشێوەیەکی ئاشتیانە ڕووخێنرا و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیای لێکەوتەوە. ئەوەش ئەو بۆنەیەی کە ئەمڕۆ ئاهەنگی بۆ دەگێڕین".
دواتر ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و باسی لە پەیوەندیی پتەوی نێوان ئەڵمانیاو هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکان کرد و گوتی: "لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە لە نزیکەوە لەگەڵ یەک کاردەکەین لە ڕێگەی سەردانەکان و ئاڵوگۆڕی چالاکانەی نێوان کونسوڵگەریمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بازرگانان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی".
دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "خۆشحاڵین کە ئەم ڕۆژە گرنگە لەگەڵ ئێوەین، پیرۆزبایی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا دەکەین کە لێرە ئامادەن. ئێمە پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا و گەلی ئەڵمانیا هەیە. ئەڵمانیا پەناگەیەک بووە بۆ زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئێمە کە بەهۆی بارودۆخی نەخوازراو پەنایان بۆ ئەو وڵاتە برد و هەندێکیان پۆست و بڕوانامەی باڵایان بەدەستهێنا، لە بوارەکانی سیاسی، کارگێڕی، بازرگانی، هونەر و بواری تردا. هەروەها ئەڵمانیا لەبوارەکانی سیاسی و دیپلۆماسی، هاوکاری سەربازی و ئەمنی و چالاکییە کولتووری و پەروەردەییەکان، هەمیشە پشتگیری لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەرباری ئەوانە دەخوازین لە ڕووی ئابوورییەوە پەیوەندییەکانمان زیاتر بەرەو پێش ببەین".
گوتیشی: "دەرفەتی زۆر هەیە نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە سەرتاسەری عێراقدا کە دەتوانین پێکەوە کاربکەین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان. عێراق بازاڕێکی گەورەیە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ناوەندێک بێت بۆ هەموو کۆمپانیا و وەبەرهێنەر و شارازایانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەن".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆتاییی وتارەکەیدا گوتی: "بەناوی سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و گەل و حکومەتی هەرێم ، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین. شانازی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێوە و هاوکاری و پشتگیریەکانتان دەکەین. ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆشە بۆ هەموومان. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین. بەهیواین پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان ئێمە و ئەڵمانیا بەردەوام بەهێزتر و پتەوتر بێت".