بەرپرسى فهرمانگهى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە ئیتاڵیا و ئوستڕاڵیا کرد
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ى تشرينى يهكهمى ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، بە جیا پێشوازى لە ڕێزان حەمەساڵح ئاغا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیتاڵیا و هەڤاڵ دەسکۆ سیان، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئوستڕاڵیا کرد.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى لەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و پێشهاتەکان و ئاستى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوه و بایەخى پێشخستنى پەیوەندییەکان پێشکەش کرد.
دزهيى جەختى لهوه کردەوە نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە، نوێنەرى حکومەت و سەرجەم هاووڵاتیيانى هەرێمى کوردستانن، بۆیە دەبێت بە باشترین شێواز بەتەنگ پێداویستى و گرفتەکانیان بچن و پەیوەندییەکى تۆکمەیان لەگەڵ ناوەندە فەرمى و فەرهەنگییەکانى وڵاتى خانەخوێ و هاووڵاتیيانمان لە دەرەوە هەبێت. هاوکات دەستخۆشى لە هەر دوو نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئیتاڵیا و ئوستڕالیا کرد، بۆ پێشکەشکردنى ئەو خزمەتگوزاریيانەى پێشکەشى دەکەن.
نوێنەرانى حکومەت باسیان لە ئاستى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتى خانەخوێ کرد، لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ فراوانکردنى زیاترى پەیوەندییەکان لەو بوارانەى جێگەى بایەخى هەردوولایە.