Skip to the content

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بەشدارى لە دیداری پەیماننامەی کۆچ لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژى یەکشەممە، ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، لە میانەى بەشداریکردنى لە یەکەمین دیداری پەیماننامەی کۆچ لە هەرێمی کوردستان، لە پانێلێک لەژێر ناوى "پاڵنەر و هۆکارەکانى کۆچ لە هەرێمى کوردستان"، گوتى: "کۆچ دیاردەیەکی نێودەوڵەتییە، تەنها پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستانەوە؛ لە مێژووشدا ئەم دیاردەیە هەر هەبووە. لەم سەردەمە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی سەرەکییە، خەڵک ناوچەکانی خۆیان جێ بهێڵن بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆ ژیان گونجاوە. ئەمە سەرباری ناسەقامگیری و نەبوونی دەرفەتی کار، ئەو باندانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن، هۆکارن بۆ هاندانی گەنجان بۆ دەرەوە بە کۆمەڵێک دروشم و بەڵێن هەڵیاندەخەڵەتێنن".

دواتر سەفین دزەیی، پوختەیەکی لەسەر هەوڵەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشکەش کرد، لە کاتی دروستبوونی کێشە و گرفت لە دەرەوە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری جیاجیا؛ کە چۆن بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ، باڵیۆزخانەکان، نوێنەرانی حکومەتی هەرێم، وەزارەتى ناوخۆ و ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگیى قەیرانەکان بەهاناى هاووڵاتییانى هەرێم بچین و بیانگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان.

هەروەها گوتى: "لە بیلاروسیا، یۆنان، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، لیبیا و سودان توانیمان هەزاران هاووڵاتیى بگەڕێنینەوە. هاوکات بەهۆى پەتاى کۆڕۆنا و شەڕى ئەم دواییەى ناوچەکە و وەستانى گەشتە ئاسمانییەکان، بە هەزاران هاووڵاتیى هەرێم لە دەرەوە گیریان خواردبوو، توانیمان ئاسانکاریى زۆریان بۆ بکەین و بە سەلامەتى بگەنەوە هەرێمى کوردستان".

لە درێژەی قسەکانیدا بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوە، باسى لە سەختییەکانى بەدەستهێنانى ڤیزا کرد، کە بە داخەوە بەهۆى خەڵکانێک بوو کە ڤیزایان وەرگرت و نەگەڕانەوە. لەم بارەیەوە گوتى: "گەشتکردن بۆ دەرەوە مافى هەموو تاکێکە و خوازیارین هەر کەسێک بییەوێ گەشت بکات کارئاسانى بۆ بکرێت".

لە تەوەرێکى تر باسى کۆچی پێچەوانەی کرد، کە پێشتر ژمارەیەکى زۆر لە کوردستانیانى دەرەوەى وڵات گەڕانەوە و هاوکاربوون بۆ گەشەپێدانی کوردستان لەسەرجەم بوارەکان لە حکومەت و لە کەرتی تایبەت.