بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ بەرپرسانی ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی سویدی کۆبووەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسين دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوەکانی هاوڕێیەتیی نێودەوڵەتیی سویدی و پەپوولەی نێودەوڵەتیی سویدی و یەکێتیی ئەکادیمیی زانستی کۆبووەوە بۆ تاووتوێکردن و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەسەر پرسە مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
سەرەتاى کۆبوونەوەکە دزەیی ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرز نرخاند و ئامادەییى فەرمانگە و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بۆ هەماهەنگى و سەرخستنى کار و پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیشان دا.
دواتر شاندی میوان سوپاسی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کرد، بۆ هاوکاری و پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوکات ئاماژەیان بە کار و چالاکی و پرۆژەکانیان کرد لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی دۆزینەوەی هەلی کار و کردنەوەی خولی ڕاهێنان، بۆ ئەو خێزانانەی لە وڵاتی سوید و ئەورووپا دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.