بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ باڵیۆزی ئوستڕالیا لە عێڕاق کۆ بووەوە
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە گلێن مایڵس باڵیۆزی ئوستڕالیا لە عێڕاق و شاندی یاوەری کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی میوان سوپاسی فەرمانگە و بەرپرسی فەرمانگەیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستانن و بە گرنگییەوە باسیان لە پێشکەوتنەکانی هەرێم کرد.
دواتر بەرپرسی فەرمانگە باسی لە دوایین پێشهاتەکان لە ناوچەکە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرد. هەروەها باس لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پێشووەچوونەکان و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە کرا. هەڵبژاردنی عێڕاق و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا هیوای سەرکەوتنیان خواست.
لەکۆتاییدا، بەرپرسی فەرمانگە سوپاسی باڵیۆزی ئوستڕالیای کرد و هیوای خواست بتوانن ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانیان فراوانتر بکەن.