نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا لەگەڵ وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کۆمەڵگەی مەدریدی ئیسپانیا کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ ئیمیلیۆ ڤیسیانا، وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کۆمەڵگەی مەدریدی ئیسپانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەر یەک لە بیاتریس ڕۆدریگێز مێرشان، بەڕێوەبەری گشتیی زمانەوانی و کوالیتیی وانەگوتنەوە و خاتوو ماریا لوز ڕۆدریگێز، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی ناوەندی و ڕاهێنانی پیشەیی و پەروەردەی تایبەت و کالا ڕۆدریگز، بەرپرسی پەیوەندیەکانی نوێنەرایەتیی حکومەت لە ئیسپانیا ئامادەی بوون، نوێنەری حکومەتی هەرێم باسی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانی خوێندن کرد. هاوکات تیشک خرایە سەر ئەو پێداویستییانەی کە بۆ گەشەکردنی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گرنگن.
لە دیدارەکە خواست بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا دووپات کرایەوە، بەتایبەت لە کاراسانی بۆ فێرخوازان، بۆ دەرفەتەکانی خوێندن لە ئیسپانیا و بەرنامەی هێنانی زمانی ئیسپانی بۆ هەرێمی کوردستان.
شاندی وڵاتی ئیسپانیا ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە بۆ درێژکردنەوەی ئەم دەستپێشخەرییە بۆ زانکۆکانی مەدرید بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی نێوان هەردوولا.