Skip to the content

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە شاندێکى ئەڵمانی کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە شاندێکى ئەڵمانى بە سەرۆکایەتیى سەردار یۆکسێڵ ئەندامى پەرلەمانى ئەڵمانیاى فیدڕاڵ و سەرۆکى لیژنەى پەرلەمانى هاوبەشى ئەڵمانیا و تورکیا کرد.

لە سەردانەکەیان کە موسا ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى خێرخوازىی بارزانیى یاوەریان بوو، شاندى میوان ویستى وڵاتەکەیان بۆ پشتگیریى زیاتر لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەت داکۆکىکردن لە مافەکانى گەلى کوردستان لە سەکۆى پەرلەمانى ئەڵمانیا دووپات کردەوە؛ ئەویش لەڕێگەى دروستکردنى گرووپێکى پەرلەمانى، لەسەرجەم پارتەکانى ئەڵمانیا بۆ پشتگیرى لە گەلى کوردستان.

سەفین دزەیی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا و گوتى: "بەناوى حکومەتى هەرێم بە گەرمى پێشوازى لەو دەسپێشخەرییەى ئێوە، بۆ دامەزراندنى گروپێکى پەرلەمانى بۆ دۆستایەتیى لەگەڵ گەلى کوردستان دەکەین و ئەم هەنگاوە بەرز دەنرخێنین".

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى لەسەر قۆناغەکانى هەرێمى کوردستان لە سەردەمى ڕژێمەکانى پێشوو تا ڕاپەڕین و قۆناغەکانى ئازادى و گەشەسەندن پێشکەش کرد و جەختى کردەوە و گوتی: "کە ئێمە ڕابردوو لەبیر ناکەین، بەڵام کار بۆ داهاتوویەکى پڕشنگدار دەکەین؛ وەک چۆن پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەڵمانیا لە هەندێ بوار لە ئاستێکى باشدایە، دەخوازین پەیوەندییەکانمان لە کەرتەکانى ئابوورى و بازرگانیش ڕەنگبداتەوە".

پەرلەمانتارى ئەڵمانیا سەردار یۆکسێڵ، ستایشى پێشووەچوونەکانى هەرێمى کوردستان و بارى سەقامگیرى و پێکەوەژیانى نێوان ئایین و نەتەوەکانى لە هەرێمى کوردستان کرد. هیواى خواست ئەوانیش بتوانن لەگەڵ هاوکارەکان و کۆمپانیا وەبەرهێنەر و ڕێکخراوە مرۆییەکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان فراوانتر بکەن و یارمەتییەکان بۆ هەرێم لە ئاستى پێویست بێت.