Skip to the content

سەفین دزەیی: هیوادارین کولتووری دیموکراسی جێگەی خۆی بگرێت و هەڵبژاردن سەرکەوتووانە بەڕێوەبچێت

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى، پێشوازى لە نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەکە نەبەرد عومەر، پوختەیەکى لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێشکەش کرد.

ناوبراو گوتى؛ لە ڕووى لۆجیستییەوە ئامادەکاریى تەواومان کردووە و چەند جارێکیش دەرفەتمان بە هاووڵاتییان دا، بۆ ئەوەى ناوى خۆیان تۆمار بکەن، تاوەکوو کەس بێبەش نەبێت لە مافى دەنگدان و هەموو ئەوانەی داوای کارتی دەنگدانیان کردووە کارتەکانیان تەواو بووە. هەروەها گوتی؛ دەرفەت بۆ تەواوى چاودێرانى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانى ڕاگەیاندن هەیە، بۆ ئەوەى چاودێرى و ڕووماڵى هەڵبژاردن بکەن.

سەفین موحسین دزەیی خۆشحاڵیى خۆى بەو پێشکەوتن و ئامادەکارییانە نیشان دا و ئامادەییی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى بۆ هەر هاوکارى و هەماهەنگییەک خستە ڕوو، لەپێناو بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن بەشێوەیەکى شەفاف و بە ئامادەبوونى چاودێرانى نێودەوڵەتى.

دزەیی گوتى؛ پێشوازى لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ سەرخستنى پرۆسەی دیموکراسی. ئێمە پابەندین بە پرەنسیپەکانى دیموکراسى و مافى دەنگدان.