شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا و عێراق کرد

لە شاری لۆگزامبۆرگ شاندێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە سەرۆکایەتیی د.فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەندامیەتی باڵیۆز بەکر فەتاح بەرپرسی بەشی ئەوروپا و چەند بەرپرسێکی تری وەزارەتی نەوت و بازرگانیی، شاندی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەوەرە و ئەندامیەتی د.دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا و سەلیم پاشا ڕاوێژکار لە فەرمانگە، بەشدارییان لە چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا و عێراق کرد.
شاندی باڵای یەکێتیی ئەوروپا پێکهاتبوو لە کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، دوبراڤکا سویکا بەرپرسی کۆمیسیۆنی کاروباری مێدیتەرانە و چەندین وەزیری دەرەوە و باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چەند پرسێکی گرنگی عێراق و ناوچەکە و ئەوروپا و بابەتی هاوکاریی گەشەپێدان، بازرگانی، وزە، پرسی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکە سەفین موحسین دزەیی پوختەیەکی لە سەر بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناچەکە پێشکەش کرد و گۆشە نیگا و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستە روو و داوای بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی کرد. پرسی ئاسایشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێکی تری پەیڤەکەی سەفین دزەیی بوو.
لایەنی ئەوروپی، بەشداری کارای شاندی حکومەتی هەرێمی لە کۆبوونەوە بەرز نرخاند و وەکو ئاماژەیەکی ئەرێنی لە پەیوەندیی نێوان هەر دوولا ناوزەد کرد و هیوای خواست کە پەیوەندیی هەردوولا بەرەو ئاستێکی باشتر بچن.
شایانی باسە کە ڕێکەوتنی ستراتیجیی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٢ واژۆ کراوە و بۆ ڕاپەراندنی کارەکان چوار لێژنەی لاوەکیی پێکهێندراون و هەرێمی کوردستان نوێنەری لە سەرجەم لێژنەکان هەیە.