Skip to the content

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپای کرد

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و لەگەڵ ڤیلی سۆندێل ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکان کۆ بووەوە.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کاریگەریان لە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بوو؛ کە نوێنەری حکومەت سیاسەتی حکومەتی هەرێمی لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و هاوسەنگی لە ناوچەکە ڕوون کردەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا، پرسی سوریا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بازارەکانی جیهان تەوەرێکی تری دانیشتنەکە بوو.

ڤیلی سۆندێل، کە دۆستێکی نزیکی کوردستانە و شارەزایی تەواوی لە سەر دۆزی کورد هەیە، پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کوردستان دووپات کردەوە و ئامادەییی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

هەر لە کۆبوونەوەکە چەند بیرۆکە و چالاکییەکی داهاتووی نوێنەرایەتیی حکومەت لە پەرلەمانی ئەوروپا خرانە بەرباس.