ڕێوڕەسمى واژۆکردنی ڕێکەوتنى نێوان ڕێکخراوى یونسكۆ و كارگرووپ بۆ پاراستن و بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو

ڕۆژى سێشەممە ١٤ى تشرينى يهكهمى ٢٠٢٥ لە پاریسى پايتهختى وڵاتى فهرهنسا، بە ئامادەبوونى سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ڕێوڕەسمى واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی نوێی یونسكۆ لەگەڵ كارگرووپ، بۆ پاراستن و بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا ئۆدری ئازۆلای، بەڕێوەبەری گشتيی یونیسكۆ و شێخ باز ڕەئووف كەریم، بەڕێوەبەرى گشتيى کارگرووپ و ئێرنێستۆ ئۆتۆن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ ڕۆشنبیری و ئەلێکساندرۆس ماکاریگاکیس، نوێنەری یونسکۆ لە عێراق و ئەسعەد تورکی، نێردەی هەمیشەیيی کۆماری عێراقى فیدڕاڵ لە یونسکۆ و سائیر وەهیب حوسێن، کاربەڕێکەری کاتيی باڵیۆزخانەی عێراق لە پاریس و د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و یادگار ئەرگۆشی، بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر ئامادەبوون.
سەفین موحسین دزەیی سوپاسی کردن بۆ ئەنجامدانى ئەو پرۆژە هاوبەشە و ئاماژەی بەوە دا: هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق لانكەی شارستانیيەتە و چەندین شوێن و ناوچەی هەیە كە دەكرێت ببنە هۆی ئەوەی لەلایەن یونسکۆوە بناسرێن و دانیان پێدا بنرێت و كاری لەسەر بكرێت لەگەل حكومەت و كەرتی تایبەت وەك ئەو نموونەی ئێستا.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا: حكومەتی هەرێم ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنێت كە له ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یونسكۆ داویەتی لە هەرێمى کوردستان، وەك حكومەتی هەرێم هاوكاریان دەبین بۆ ئەوەی دووبارە بەشێک لە قەلای هەولێر ببوژیندرێتەوە و ئەو مێژووە هەشت هەزار ساڵییە بهێڵینەوە.
ههروهها ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە كەرتی تایبەت لەگەڵ حكومەت بەشدار بێت هەروەك ئەو هەنگاوەی كۆمپانیای (كار)مان بینی و پیشوازی لە قوناغەكانی داهاتوو دەكەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە داهاتوودا قەڵایەکی نۆژەنکراوە لە هەموو ڕوويهکەوە ببینین.