بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازى لە کونسوڵى گشتيى نوێى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کرد

بەبۆنەى دەستبەکاربوونى وەک کونسوڵى گشتيى نوێى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان، ڕۆژى یەکشەممە ٧ى سێپتەمبەرى ٢٠٢٥، تیڤادار ێرگێى تاکاچ، کونسوڵى گشتيى نوێى هەنگاریا، بە یاوەرى دۆمینیکا کۆڤاچ، جێگرى کونسوڵى هەنگاریا لە هەرێم سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد و لەلایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسى فهرمانگهوه پێشوازی لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکە بەرپرسى فەرمانگە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هەنگاریا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی فەرمانگەى پەیوەندییەکان و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى نیشاندا بۆ سەرختنى کارەکانیان.
دزەیی پوختەیەکى لەسەر مێژووى هەرێمى کوردستان و قۆناغەکان و بارودۆخى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد. هاوکات دید و بۆچوونى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لەمەڕ پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان خستەڕوو. باسى لە سەردانى سەرۆک بارزانى بۆ فەرەنسا و ئامادەبوونى لە کردنەوەى ڕێڕەوێک لە پاریس بە ناوى پێشمەرگە کرد. ناوبراو سوپاسى شارەوانيى پاریسى کرد بۆ ئەو ڕێزگرتنە لە خەبات و قوربانیدانى پێشمەرگە.
دزهيى هیواى خواست پهيوهندييهكانى نێوان ههرێمى كوردستان و ههنگاريا لە بوارەکانى ئابوورى، بازرگانى، زانکۆیی و کشتوکاڵى زیاتر پەرەیان پێ بدرێت. ههروهها سوپاسى گەل و حکومەتى هەنگاریاى کرد کە لە قۆناغى شەڕ دژى تیرۆریستان، هەنگاریا لە چوارچێوەى هاوپەیمانيى نێودەوڵەتى پشتگیرى هێزەکانى پێشمەرگەى کرد و هاوکارى گەیاندە ئاوارە و پەنابەران.
کونسوڵی گشتيی هەنگاریا، ئاماژەی بەوە دا وڵاتەکەی بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە پێشکەوتنەکانى هەرێمی کوردستان و خواستی هەنگاریاشی، بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری زانکۆیی و وەبەرهێنان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا.