شاندێکی باڵای ئیمارات گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەلایەن بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازییان لێکرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی باڵای وڵاتى ئیمارات بە سەرۆکایەتیی سەعید موبارەک هاجری، وەزیری دەوڵەت و نێردەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
شاندەکە لە لایەن سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لێکرا.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان و دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدەن. سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و ئیماراتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى نێوان هەردوولا.
دانانى نێردەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتى دەرەوەى ئیمارات، ویستى ئەو وڵاتە نیشان دەدات بۆ پتەوکردن و فراوانکردنى پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان. ئاماژەیەکە کە هەرێمى کوردستان هاوبەشێکى ستراتیژیی ئیماراتە لە ناوچەکە.