Skip to the content

ئەو 25 گەنجە کوردەى لە لیبیا ئازاد کران لە داهاتوویەکى نزیکدا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

بە هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان، توانرا سۆراغى ٢٥ گەنجی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە بکرێت و ئازاد بکرێن.

گەنجەکان دواى ئازادبوونیان لەڕێگەى پەیوەندیی ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووان و سوپاسی بەرپرسی فەرمانگە و حکومەتی هەرێمیان کرد، کە لەخەمی هاووڵاتیی خۆیان بوون و توانیان دەربازیان بکەن.

سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە تەواوی گەنجەکان سەلامەتن و سوپاسی دکتۆر ئەحمەد ئەلسەحاف هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە تەڕابلوس کرد، کە هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ئەم جۆرە پرسانە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، لەسەر ڕاسپاردە و پشتگیریی مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕێکارەکانى گەڕانەوەى ئەو گەنجانە بۆ هەرێمى کوردستان تەواوکران و پاسپۆرت و تیکتى گەڕانەوەیان بۆ دابین کرا. بڕیارە لە ڕۆژى ١٠ی ئەم مانگە بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان.

جێگەى باسە لە مانگى ڕابردووش بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، توانرا شەش گەنج لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.