بە ئامادەبوونى بەرپرسانى باڵاى حکومەت و دیپلۆماتکاران (76)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری میللیی چین لە هەولێر بەڕێوە چوو

ئێوارەى ڕۆژى سێشەممە، ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونى بەرپرسانى باڵاى حکومەت و دیپلۆماتکاران و پارتە سیاسییەکان و بازرگان و پیاوانى کار و میوانان، ڕێوڕەسمى (٧٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری میللیی چین لە هەولێر بەڕێوە چوو. هەر لە ڕێوڕەسمەکە کلیلى (پارکى چینى) کە لە هەولێر لەلایەن کونسوڵگەرى گشتیى چین دروستکراوە ڕادەستى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم کرا.
سەرەتا لیو جون کونسولی گشتيی کۆماری میلليی چین لە هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا بەخێرهاتنى ئامادەبووانى کرد و گوتى: "ئەمڕۆ لێرە کۆدهبینهوه بۆ ئاههنگگێڕان بهبۆنهی یادی (٧٦) ساڵەی دامەزراندنی کۆماری میللیی چین. بەناوی کونسوڵگەری گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەولێر، بە گەرمی بەخێرهاتن و سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو لایەکتان دەکەم کە ئامادهبوونه لهگهڵمان. لهماوهی ٧٦ ساڵی ڕابردوودا، ئێمه بەرپرسیارێتیی خۆمان و جیهانمان لە ئەستۆ گرتووە، بەردەوام بانگەشەمان بۆ فرەلایەنی و بازرگانیی ئازاد كردووه. چین چهندین ساڵه بهشداریی نزیکەی ٣٠%ی گەشەی ئابووریی جیهانی کردووە و هاوبەشێکی بازرگانیی سەرەکییە بۆ زیاتر لە ١٥٠ وڵات و ناوچە. خۆڕاگری و ئاسۆی گەشاوەی ئابووریی چین سوودی گەورە و دەرفەتی بێسنوور بۆ گەلان لە سەرانسەری جیهاندا دەهێنێت".
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا گوتى: "ئەمساڵ ١٠ ساڵ بهسهر دامەزراندنی هاوبەشیی ستراتیژی لە نێوان چین و عێراق و واژۆکردنی بەڵگەنامەکانی ههماههنگیی پشتێن و ڕێگادا تێدەپەڕێت. لە ماوەی دەساڵی ڕابردوودا، وەک بەشێکی گرنگی پەیوەندییەکانی چین و عێراق، دۆستایەتی و ههماههنگیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، لە كاتێكدا بوارەکانی ههماههنگیی نوێ بە خێرایی فراوان بووه و ئاڵوگۆڕی ههردوو گهل بهشێوهیهكی بەرچاو گهشهی كردووه".
کونسوڵى گشتى چین لە وتارەکەیدا ئاماژەى بەوەدا کە : "لە دوو ساڵی ڕابردوودا کونسوڵخانەی گشتیی ئاسانکاریی بۆ سەردانیەکەرانی چین بۆ زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی کورد لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێم کردووە. ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەرێمەوە سکۆلەرشیپی حکومەتی چینییان وهرگرتووه، گەیشتۆته ئاستێكی بەرزی نوێ. بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین و سەنتەری لێكۆڵینهوهی چین لە زانکۆی سلێمانی، بەردەوام بووه لە گەشەکردن و كاریگهری زیاتر بووه. هەروەها به شێوەیەکی کارا بەشداریمان له هەڵمەتی گەشەپێدانی شار و سەوزکردنی هەڕێمی کوردستان كردووه و پاڕکێکی شارستانیی نوێمان بە پاڵپشتیی کونسوڵخانەی گشتیی چین و ژووری بازرگانیی چین لە سەنتەری شاری هەولێر دروست كردووه. بەم بۆنە خۆشەوە بە فەرمی "پارکی چینی" کە هێمای دۆستایەتییە، ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. بڕوامان وایە ئەمه پڕۆژهیهكی بچووکە بەڵام کاریگەرە، که زیندوویی زیاتر دەخاتە نێو پەیوەندییەکانمانەوە".
لە کۆتاییدا جەختى لە بایەخى پتەوکردنى پەیوەندییەکان کردەوە و گوتى: "ئێمە پابەندین بە ڕێبازی سوودی هاوبهش و قازانجی هاوبهش، پابەندین بە فراوانکردنی کرانەوەی ئاستی بەرز و بە هاوبەشکردنی ئەو دەرفەتە نوێیانەی کە نوێگهریی چین پێشکەشی دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابەندین بە پشتگیریکردنی گەشەی ئابووری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی له هەرێم و لە ڕێگای ههماههنگییهكانمانهوه، لاپەڕەیەکی نوێ لە ههماههنگیی دەنووسین".
دواتر سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، بەبۆنەى (٧٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری میللیی چین, بە ناوى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان پیرۆزبایی لە گەل و حکومەتى کۆمارى چین و کونسوڵى گشتى و ستافەکەى لە کونسوڵخانە کرد. سوپاسى ئەو هاوکارى و پەیوەندییانەى کرد، کە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لەماوەى ئەم چەند ساڵەى ڕابردوو دروستیان کردووە و هیواى خواست وانە لە ئەزموونەکانى ئەو وڵاتە وەربگیرێت.
لە درێژەى وتارەکەیدا سەفین دزەیی ئاماژەى بەوەدا کە لەماوەى ئەمساڵ نزیکەى (٧٠٠) بەرپرس و کارمەند و فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێم لە ڕێگەى پڕۆگرامێکەوە پاڵپشتى کراون و لەسەر چەندین بابەتى جیاواز بانگهێشتى چین کراون. سوپاسى ئەو کارانەى کردن کە لە داهاتوودا ئەنجامی دەدەن و ڕایگەیاند، کە کارى زیاترى پێکەوەیی هەیە ئەنجامی بدەن، بەتایبەتى لەسەر ئاستى ئەکادیمی و بەرەوپێشبردنى پەیوەندیی کەلتوورى؛ سەرەڕاى بوونى پەیوەندیى ئەکادیمیی لەگەڵ هەردوو زانکۆى سەڵاحەدین و زانکۆى سلێمانى، داواى پەرەپێدانى زیاترى ئەو پەیوەندییانەى کرد و دووپاتى پشتیوانیى حکومەتى هەرێمى بۆ بیرۆکەکانیان لە داهاتوودا کردەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا.
سەبارەت بە تەواوبوون و ڕادەستکردنى کلیلی پارکى چینى لە هەولێر بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى کونسوڵگەرى گشتیى چینى کرد، لە پاى هەوڵەکانیان بە هاوبەشى لەگەڵ فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و کۆمپانیا چینییەکان و وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار، لە هەنگاوەکانى دروستکردنى پارکى دۆستایەتیى چینى لە هەولێرى پایتەخت.
لەکۆتاییدا بەرپرسی فەرمانگە هیواى بەردەوامى و خۆشگوزەرانى بۆ گەلی چین و حکومەتەکەى خواست و دووپاتى پتەوکردنى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى نێوان هەردوولاى کردەوە.