Skip to the content

بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت و بازرگان و وەبەرهێنەران کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بەڕێوە چوو

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەت و بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، کونسوڵگەری گشتیی هۆڵەندا کۆڕبەندێکی ئابووریی ڕێکخست.

لە دەسپێکدا کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا گوتی: "ئێمە وەک کونسوڵگەری گشتیی هۆڵەندا، دەمانەوێ پەرە بە بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدەین. هاتووین کۆمپانیا کوردستانی و هۆڵەندییەکان لێکنزیک بکەینەوە؛ هانتان دەدەین و ئاسانکاریتان بۆ دەکەین، ئێستا دەرفەتە بۆ ئێوە نوێنەرانی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بناسن و سوود لە دەرفەتەکانی هەردوولا وەربگرن. چەند مانگێک پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتووم هەبوو لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئێستا نموونەی سەرکەوتوومان هەیە لەم بوارە".

دواتر سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەت بوو لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی تایلەند بووین، لەگەڵ شاندێکی بازرگانیی تایلەندی و دواتر بەشداریم لە کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانیی ئەمەریکی کرد. ئێستاش لەگەڵ ئێوەم وەبەرهێنەر و کۆمپانیا هۆڵەندییەکان، وەک حکومەتی هەرێم پێشوازی لەهەموو ئەو دەسپێشخەریانە دەکەین کە دەبنە مایەی سوود بۆ هەردوولا، هۆڵەندا لە زۆر بوار پێشکەوتووە بە تایبەت کشتوکاڵ و شیرەمەنی، ئەوان ڕۆڵی خۆیان بینیوە بەڵام ئێمە چاوەڕوانیی زیاترمان لێیان هەیە".

هەروەها دزەیی گوتی: "لەگەڵ فەڕەنساش پەیوەندییەکانمان لەهەموو ڕوێکەوە باشە، بۆیە جەخت دەکەینەوە لە بواری ئابووری و بازرگانیی بەرەوەپێش بچین. لەگەڵ ئیتاڵیاش بە هەمان شێوە. هیوادارین بارودۆخەکە بەرەو باشی بڕوات، هۆڵەندا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێم واژوو بکات. بەرپرسی دەستەی وەبەرهێنان لێرەیە، دەتوانێت هەموو هاوکارییەکتان پێشکەش بکات، بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و ئێرە دەروازەیەکە بۆ هەموو عێراق بۆ کاروباری ئابووری و بازرگانی".