Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبووەوە

ڕۆژى سێشەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە جۆرجی گیگاوری، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) لە عێراق کرد، کە بە بۆنەی تەواوبوونی ئەرکەکانی لە عێراق سەردانی فەرمانگەی کردبوو.

دزەیی سوپاسی بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کرد کە لە ماوەی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پەیوەنديی باشی لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمى كوردستان هه‌بووه‌. هه‌روه‌ها دەستخۆشی لە ڕێکخراوه‌كه‌ کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان و چەند پێشنیارێکی کرد بۆ زیاتر فراوانکردنی بەرنامە و پرۆژەکانیان کە زیاتر لەگەڵ پێداویستییەکانی ئێستا بگونجێت، وەک خول و ڕاهێنان و دەرفەتی کار بۆ گەنجان. هاوکات باسیان لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران و دیاردە و هۆکارەکانی کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کرد.

بەرپرسی ڕێکخراوی کۆچی نیودەوڵەتی لە عێراق سوپاسی پشتگیرییەکانی حکومەت و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد بۆ ئاسانکاری و سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان.