بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازى لە باڵیۆزى بەنگلادیش لە عێراق کرد

ڕۆژى یەکشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە محەمەد مەقسودول حەق، باڵیۆزی تازەى بەنگلادیش لە عێراق کرد.
سەرەتاى کۆبوونەوەکە، دزەیی پیرۆزبایی لە باڵیۆز کرد بەبۆنەى دەستبەکاربوونىیەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لای خۆیەوە باڵیۆز مەقسودول حەق، خۆشحاڵیى خۆى دەربڕى بە سەردانیکردنى هەرێمى کوردستان و ڕێز و سڵاوى حکومەتى بەنگلادیشى ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد و ڕایگەیاند؛ وەک باڵیۆزى تازەى وڵاتەکەى هەوڵى پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکان دەدات لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، بە تایبەت لەو بوارانەى کە لەلایەن هەردوولاوە گرنگى و بایەخیان هەیە.
هەروەها ئاماژەى بەوە دا کە وڵاتەکەى بە گرنگییەوە سەیرى پێگەى حکومەتى هەرێم دەکات لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش خوازیارن بتوانن پەیوەندییەکانى بەرەوپێش ببەن بە تایبەت لە بوارى بازرگانى، وەبەرهێنان، کەرتى تەندروستى و خوێندن.
بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاماژەى بەوە دا کە هەرێمى کوردستان شوێنێکى گونجاوە بۆ بازرگانى و وەبەرهێنان و حکومەتى هەرێم خواستى پتەوکردنى پەیوەندى هەیە لەگەڵ وڵاتان و بەم هۆیەوەش هەموو جۆرە ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات.