بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و بەرپرسی نووسینگەی کونسولگهريی ئهو وڵاته لە هەرێمی کوردستان کرد

ڕۆژى سێشەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە ئاکیرا ئیندۆ، بالیۆزی ژاپۆن لە عێراق و ئیشیزوکا هیتوشی، بەرپرسی نووسینگەی کونسولخانەی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە باڵیۆزی ژاپۆن سوپاسی فەرمانگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لە بەرانبەر ئەو ئاسانکاری و هاوکارییەی کە پێشکەشیانی کردووە، بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانیان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لە بواره جیاوازەکان، هەروەها داوای هاوئاهەنگی و کاری زياترى پێکەوەييان کرد.
دزەیی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی حکومەتی ژاپۆنی کرد لەپاى ئەنجامدانى ئەو پرۆژە ستراتیژیيانەی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داون، بە تایبەتى پرۆژەکان لە ڕێگەى ئاژانسى جایکا، ئامادەيیى حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دهرهوهى نیشان دا بۆ هاوکارى و هەماهەنگى بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە بازرگانى و ئابورییەکان و ڕاکێشانى زیاترى کۆمپانیا ژاپۆنیيەکان بۆ هەرێمى کوردستان.