Skip to the content

تایلەند لە هەوڵی فراوانکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، بۆنەیەکی تایبەت بەهاوکاریی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی تایلەند لە عیراق و ئەردەن و زانکۆی جیهان، لە هۆڵی بۆنەکانی زانکۆی جیهان بەڕێوە چوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە وتاری سەرۆکی زانکۆ دەستی پێکرد و بەخێرهاتنی شاندی تایلەندی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئامادەبووانی کرد و بە گرنگییەوە ڕوانییە ئەو چالاکییانە و هیوای بەردەوامی و لێکنزیکبوونەوەی لەنێوان زانکۆکانی تایلەند و هەرێمی کوردستان خواست.

دواتر سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، وتارێکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و بە گرنگییەوە ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە دا لەڕووی دروستکردنی پەیوەندی لەسەرجەم بوارەکان و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی نیشاندا، بە پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەوپێش بچێت بە تایبەت لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە و گوتی: "هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدەین کە بێن و لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن".

دواتر باڵیۆزی تایلەند وتارێکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و باسی لێکنزیکی گەلی تایلەند و کوردستانی کرد. هەروەها هاوکاری و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرز نرخاند و دووپاتی کردەوە کە ئەو سەردانانە بەردەوام دەبن، وە ساڵی داهاتوو بەبۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی پەیوەندیی دیبلۆماسی نێوان عێراق و تایلەند چالاکیی زیاتریان دەبێت.

لەکۆتاییدا شاندی میوان چەندین زانیاری و چالاکیی تایبەتیان بە وڵاتی تایلەند پێشکەش کرد.