فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی ڕێڕەوەی پێشمەرگە لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن لە پاریس جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

لە یەکێک لە سەردانەکانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی پاریس خاتوو ئان هیداڵگۆ، سەفین موحسین دزەیی ستایشی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان هەردوولای کرد و ویستی هەرێمی کوردستانی نیشان دا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و کولتووری.
لە مانگی 12 ی ساڵی 2023 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە نامەیەکی فەرمی بۆ خاتوو ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، داوای کرد وەک ڕێزگرتن لە پێشمەرگە و خەبات و قوربانییانی پێشمەرگە شەقامێک یان گۆڕەپانێک لە پاریس بەناوی پێشمەرگە بکرێت، وەک چۆن وەک ڕێزگرتنێک لە دۆستی نزیکی گەلەکەمان بەرزەپردێک و چەند شوێنێک بەناوی خاتوو دانیال میتران کراوە.
دزەیی سەرنجی سەرۆکی شارەوانیی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە پێشمەرگە سیمبول و هێمای خەبات و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانە و لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئازایانە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی داعشدا وەستان و قوربانیی زۆریشیان دا. پێشمەرگە لە پێشەوەی سەنگەرەکان بوو کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجامیان دەدا.
هەروەها داوای کرد لەبەر ڕۆشنایی ئەو قوربانیدانانەی پێشمەرگە داویانە، داوا لە شارەوانیی پاریس دەکەم بیر لە ناونانی شەقامێک، گۆڕەپانێک، یان چوارڕێیانێک بە ناوی پێشمەرگە بکەنەوە. ئەم هەنگاوە نەک هەر ڕێز لە یادی ئەو کەسانە دەگرێت کە ئازایانە خەباتیان کردووە، بەڵکوو وەک بیرهێنانەوەی هەوڵە بەکۆمەڵەکانمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری.
هەر ئەوکات شارەوانیی پاریس بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە بیرۆکە و داواکاریی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت کرد.
مایەی خۆشحاڵییە، بە هەوڵی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە پاریس و کونسوڵگەریی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر و پشتگیریی خاتوو ئان هێداڵگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، ئەم هەوڵەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەرکەوت و ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا و خۆشحاڵیی خۆی بە ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی.