Skip to the content

بواری خوێندنی باڵا لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٦، بە هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و پاڵپشتی و هەماهەنگیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، نوێنەرایەتیی حکومەت لە ئیسپانیا، یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆی "قورتۆبا" واژۆ کرد.

دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەت لە ئیسپانیا تیشکی خستە سەر گرنگیی یاداشتەکە و گوتی: ئەم جۆرە یاداشتانە یەکێکن لە کاریگەرترین بوارەکانی دیپلۆماسی، پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا دەبەنە قۆناغێکی نوێوە، دەرفەتێکی گرنگیش لە بواری زانکۆیی بۆ فێرخوازانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن، نوێنەرەکەی حکومەت جەختی لەوە کردەوە ئیسپانیا یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری خوێندن و توێژینەوی زانستی و ساڵانە لە ڕێگەی زانکۆکانەوە سەرجەم داهێنانەکانیان تێکەڵ بە کەرتی گشتی و تایبەتی دەکرێت.

لە سێ مانگی ڕابردوودا نوێنەرایەتیی حکومەت لە ئیسپانیا ئەمە دووەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە واژۆی دەکات لەگەڵ زانکۆکانی ئیسپانیا، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا بەگشتی و بواری خوێندنی باڵا و وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ئیسپانیا بەتایبەتی.