بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە شاندێکى باڵاى بازرگانیى ئەڵمانیا و وەزارەتى بازرگانى و ئابووریی ئەو وڵاتە کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ی شوباتی ٢٠٢٦، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە شاندێکى باڵاى بازرگانیی ئەڵمانیا کرد؛ کە بریتى بوون لە وەزارەتى بازرگانى و ئابووریی ئەڵمانیا، ژوورى بازرگانیی ئەڵمانیا و نوێنەرى چەندین کۆمپانیاى ئەو وڵاتە.
لەکۆبوونەوەکى فراوان کە ئەلبرێت فۆن ڤیتکە کونسوڵى گشتیى ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان ئامادەبوو، گوتى کە کونسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیا، ماوەیەکە خەریکى هەوڵدانن بۆ هاتنى ئەم شاندە بازرگانییە؛ باسی لەوە کرد کە شاندەکە پێک دێت لە چەندین کۆمپانیاى بوارى جیاواز، لەگەڵ شاندەکە بەڕێوەبەرى گشتیی هاوکاریی ئابووریی دەرەوە و کاروبارى سیاسەتى بازرگانى لە وەزارەتى فیدراڵى بۆ کاروبارى ئابوورى و هەروەها ژوورى بازرگانیى ئەڵمانیا یاوەرى شاندەکەن.
دواتر خاتوو د. دۆرۆثیا شێتز وەک سەرۆکى شاندەکە، گوتەیەکى پێشکەش کرد؛ لە سەرەتا سوپاسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد، بۆ پێشوازیکردنیان لە فڕۆکەخانە و ڕێکخستنى ئەو دیدارانەى کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامى بدەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان. ئاماژەى بەوەشدا کە هیوادارن بتوانن لە میانەى کۆبوونەوەکانیان هەماهەنگیی زیاتر بکەن بۆ پتەوکردنى پەیوەندیى بازرگانیى لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە کەرتە جیاوازەکان.
دواتر سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە، لە وتەیەکدا خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى و ئاماژەى بەوەدا بە گرنگییەوە دەڕواننە هاتنى ئەم شاندە فراوانەى بازرگانیى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان و گوتى: "لە هەرێمى کوردستان هەلى وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان ئاسانکاریى زۆرى بۆ کراوە؛ دەخوازین بە سەرمایەگوزاریی ڕاستەوخۆ و هێنانى تەکنۆلۆژیاى سەردەم لەگەڵمان بەشداربن، ئێمەش هانى سەرمایەدارانى خۆمان دەدەین بۆ کارکردن و هاوبەشیکردن لەگەڵ وەبەرهێنەر و کۆمپانیا ئەڵمانیەکان". هەروەها ئاماژەى بەو بوارانەدا کە هەرێمى کوردستان پێویستییەتى لەگەڵ کۆمپانیاکانى دەرەوە، تاوەکوو هەماهەنگ و هاوکار بێت بۆ سوود و بەرژەوەندیی هەردوولا.
لە تەوەرێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەفین دزەیی، باسی لە پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان کرد و ڕایگەیاند، کە پلانى حکومەت بریتییە لە فرەچەشنکردنى داهات و گرنگیدانى زیاتر بە کەرتى تایبەت، تاکوو هاوکاریى حکومەت بن لە پێشکەوتنەکان. دواتر پوختەیەکى گشتگیرى سەبارەت بە بارودۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق، بۆ شاندى میوان باس کرد.