Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازی لە پەتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی کۆن کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ی شوباتی ٢٠٢٦، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە قەداسەتی پەتریارک مار کۆرکیس سێیەمی یۆنان، جاسیلیق-پەتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی کۆن لە عێراق و جیهان و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، بە شێوەیەکی گشتیی تاوتوێی دۆخی مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی کرا. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە کردەوە، کە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی هەرێم کۆدەکاتەوە.

قەداسەتی پەتریارک مار کۆرکیس سێیەم، پێزانینی خۆی بۆ ئەو نموونەیەی پێکەوەژیان دەربڕی کە هەرێمی کوردستان نیشانی دەدات و بە "نموونەیەکی ڕووناک و گەشاوە" لە ناوچەکەدا وەسفی کرد. هەروەها دەستخۆشی لەو هەوڵانە کرد کە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ سەرجەم ئایین و پێکهاتەکان دەدرێت.

لە بەرامبەردا، سەفین موحسین دزەیی، دووبارە جەختی لە پابەندبوونی ڕەهای حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی کلتووری لێبوردەیی و پتەوکردنی بناغەکانی پێکەوەژیان. جەختیشی کردەوە کە فرەچەشنیی ئایینی و کلتووری، پایەیەکی سەرەکییە لە ناسنامە و سیاسەتی نەگۆڕی هەرێم.