بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی چەپی سوید کرد
ڕۆژێ سێشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٦، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە شاندێکی پارتی چەپی سوید کرد، کە پێکهاتبوو لە یۆناس خوێستێت، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئەورووپا و سەرۆکی پێشووی پارتی چەپی سوید و خاتوو یەکبون ئالپ، لێپرسراوی بەشی کاروباری نێودەوڵەتیی هەمان پارت.
لە دیدارێکە، چەندان تەوەری گرنگ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکان تاووتوێ کران.
هەردوولا گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کاریگەرییەکانیان لەسەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق تاووتوێ کرد.
بەڕێز یۆناس خوێستێت جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە مافە دەستوورییەکان و پرسە دادپەروەرەکانی گەلی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی سیاسی و پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی سوید کرایەوە.
شایانی باسە ئەم دیدارە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دێت بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و ناساندنی زیاتری پێگەی هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانتار و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەورووپا.