Skip to the content

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای کرد

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوڕوپا، ڕۆژی شەممە، 21ی شوباتی 2026، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوڕوپا و شاندێکی نوێنەرایەتی، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندایان کرد و لەگەڵ خاتوو گووشێ ئالتێس بەرپرسی بەشی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسی دێسکی عێراق کۆ بوونەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا د. دلاوەر خالید ئاژگەیی،  پوختەیەکی لە دوایین پەرەسەندنەکانی سیاسیی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان خستە ڕوو؛ سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە سەر ڕووداوەکان و بارودۆخەکە خستە ڕوو. 

ڕووداوەکانی ئەم دوایەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی سەرۆک بارزانی بۆ دابیکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بەشێکی تری دیدارەکە بوون؛ هەردوولا هاوڕابوون کە کێشەکان بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێن، گرنگە مافی کورد و پێکهاتەکانی تر لە دواڕۆژی سوریا ڕێزیان لێبگیرێ. 

لایەنی ئەوڕوپی، سوپاس و پێزانینی خۆی ڕاگەیاند بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتن و سەقامگیری لە ناوچەکە.

دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.

لە کۆتاییدا هەردوولا خوازیاری زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی هۆڵەندا بوون.