Skip to the content

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداری بەلجیکا کۆ بووەوە

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، هاوشاند لەگەڵ شاندێکی نوێنەری پارتە سیاسییەکانی کوردستان، سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتی NVAی دەسەڵاتداری بەلجیکای کرد و لەگەڵ سەرۆک پارتی ناوبراو و سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیکا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان کۆ بووەوە.

لە میانەی دیدارەکە، نوێنەری حکومەت بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و عێراقی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و ئاماژەی بە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە کرد. 

لە بەشێکی تری دانیشتنەکە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و مەترسییەکانی تاوتوێ کران. نوێنەری حکومەت سوپاسی پارتی NVAی کرد کە لە ڕۆژی دامەزراندنی هەردەم پاڵپشتیی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بووە، چ لە ئاستی حکومەتی فیدراڵ و چ لە ئاستی حکومەتی فلاندەرز. 

پارتی NVA، کە مەزنترین پارتی بەلجیکایە خاوەنی پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیکا و هەروەها سەرۆکایەتیی حکومەتی فلاندەرزە و  پێگەی بەهێزی لە بەلجیکا هەیە.