بە ئامادەبوونى بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی سعودیە و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوە چوو
ڕۆژی یەکشەممە ، ٨ی شوباتی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، د. محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، کونسولى گشتيى سعودیە، پارێزگارى هەولێر، سەرۆکى ژوورى بازرگانيى هەولێر، بەرپرسى بەشى بازرگانى لە کونسولگەريى گشتيى شانشینى عەرەبيى سعودیە، ژمارەیەکى زۆرى بازرگان و وەبەرهێنەرى سعودیە و هەرێمى کوردستان، یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی سعودیە و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لە کۆڕبەندەکەدا،سەفین دزهيى، گوتارێکى پێشکەشکرد و گوتى: "سوپاس بۆ بەشى بازرگانى لە کونسوڵگەرىی گشتىی شانشینى عەرەبى سعودیە و دامەزراوەکانى هەرێم بە تایبەت دەستەى وەبەرهێنان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ژوورى بازرگانى، کە توانیان کۆڕبەندێکى ئاوا گرینگ ڕێک بخەن".
هەروەها لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتى: "ئەمڕۆ ئێمە ئەم کۆنفڕانسە بە هەنگاوێکى گرینگ دەبینین، بۆ دەرفەتەکانى کار و وەبەرهێان لە نێوان هەردوولا. وەک حکومەت و گەلى کوردستان پەیوەندییەکى باش و مێژوویمان لەگەڵ سعودیە و گەل و حکومەتى سعودیە هەیە؛ بەڵام بە داخەوە ئەو پەیوەندییە پتەوەى نێوانمان نەتوانراوە وەک پێویست ڕەنگدانەوەى لە بوارى ئابوورى و وەبەرهێناندا هەبێت. هیوادارین ئەم سەردانە دەرگاى خێر بکاتەوە بۆ دەرفەتى کارو وەبەرهێنان".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکنای دەرەوە گوتی: "لەگەڵ سەرهەڵدانى شەڕى نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، زۆربەى حکومەتەکانى دونیا بڕیاریاندا بایەخ بە ئاسایشى خۆراک و دابینکردنى وزە بدەن و پشت بە خۆیان ببەستن . هەرێمى کوردستانیش ویستى هەیە لەم بوارەدا بەرەوپێش بچێ لەسەرجەم بوارەکان. ئێمە دەخوازین لە ڕووى ئابوورى و بازرگانیى سوود لە ئەزموونى ناوازەى سعودیە وەرگرین".
لە کۆڕبەندەکەدا د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا، ڕایگەیاند: "بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستمان بە ڕێگەیەکی ستراتیژی کردووە، بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری، بەشێوەیەک کە تەنیا پشت بە وزە و نەوت و گاز نەبەستین، بەڵکوو ژێرخانێکی بەهێز لەسەر بنەمای پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاریی بنیات دەنێین."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کرد، سەرەڕای ئەو کێشە ئابوورییانەی جیهان و ناوچەکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، وەبەرهێنان لە کوردستان گەشەی کردووە و متمانەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی زیادیکردووە.
محەممەد شوکری گوتی: "تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٥)، سەرکەوتوو بووین لە پێدانی مۆڵەت بە زیاتر لە ٢١٠ پرۆژەی وەبەرهێنانی نوێ، بە سەرمایەیەک کە چوار ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە؛ ئەم ژمارەیەش تەنیا پارە نییە، بەڵکوو سوودێکی ڕاستەقینەیە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی."
لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودییە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە دا، وەک چۆن شانشینی سعودیە بە گۆڕانکارییەکی ئابووریی مێژووییدا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستانیش خاوەنی هەمان دیدگایە بۆ داهاتوو و گوتی: "ئامانجەکانمان لەیەک دەچن و ئەوەی هەمانە لە تواناکان تەواوکەری یەکترین."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان داوای لە کۆمپانیا سعوودییەکان کرد لە سێ کەرتی سەرەکی کار بکەن:
1. کشتوکاڵ: بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بە سوودوەرگرتن لە خاک و ئاو و کەشوهەوای لەباری کوردستان.
2. پیشەسازی: بە ئامانجی پشتبەخۆبەستن لە کەرەستەی بیناسازی و بەرهەمهێنان.
3. گەشتیاری: پەرەپێدانی شاخ و هاوینەهەوارەکان بۆ ئەوەی ببنە شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی.
لە کۆتاییی گوتارەکەیدا، د. محەممەد شوکری دڵنیایی دایە وەبەرهێنەران و ڕایگەیاند: "یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، یەکسانی لەنێوان وەبەرهێنەری ناوخۆیی و بیانی دەپارێزێت، لێخۆشبوونی گومرگی و باجی گەورە لەخۆ دەگرێت و ئازادی تەواو دەدات لە گواستنەوەی قازانج و سەرمایە بۆ دەرەوە و ناوەوەی وڵات." جەختیشی کردەوە کە کۆمپانیا ناوخۆییەکان و ژوورە بازرگانییەکان ئامادەن بۆ هەماهەنگی و دروستکردنی پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ وەبەرهێنەرانی سعودیە.
دواتر عەززام بن محەممەد عەبدوللەتیف بەرپرسى نووسینگەى بازرگانیى سعودیە لە هەولێر، لە وتارێکدا گوتى: "خۆشحاڵم بۆ ئەنجامدانى ئەم دیدارە گرنگە لە پێناو بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولا، کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی قووڵى نێوانمان و بەرژەوەندیی هاوبەشە".
هەروەها گوتی: "ئەم کۆڕبەندە لە چوارچێوەی پابەندبوونێکی هاوبەشدایە بۆ پێداچوونەوە بە دەرفەتە بەردەستەکانی وەبەرهێنان و کردنەوەی ڕێگاکان بۆ پەیوەندیى ڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی کەرتی گشتی و تایبەت، بەشداریکردن لە بونیاتنانی هاوبەشی پراکتیکیی بەرهەمدار. لەم قۆناغەدا ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانین لە گفتوگۆوە بۆ کردار، و لە ئاڵوگۆڕی بیرۆکەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرجەستە کە سوودی بۆ هەردوولاى هەبێت. شانشینی سعودیە زیاتر گرنگی بە وەبەرهێنان دەدات لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕواى تەواوى بە دەرفەتە ئومێدبەخشەکانی هەرێم و ژینگەی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان. لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە بەهایەکی زۆر بەو ئاسانکاری و پاڵپشتییانە دەدەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات و هانى هەمووان دەدات بۆ ژینگەى وەبەرهێنان"
بەرپرسى نووسینگەى بازرگانیى سعودیە لە هەولێر، لە کۆتاییی وتارەکەیدا گوتی: "ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی جەختکردنەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دووپاتی کردەوە وەبەرهێنەرانی سعودیە دەتوانن سوود لە ژینگەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان ببینن، وەک شوێنێکی ئومێدبەخشی وەبەرهێنان سەیری بکەن. بۆیە نووسینگەی نوێنەرایەتیی بازرگانی سعودیە بەردەوامە لە ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیکردنی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری بۆ هاوکارییەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەتى نێوان هەردوولا".