بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە باڵیۆزی کوێت لە عێراق و کونسولی گشتیى ئهو وڵاته لە هەرێمى كوردستان کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ى شوباتى ٢٠٢٦، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازی لە حەسەن محهمهد زەمان، باڵیۆزی کوێت لە عێراق و عوسمان داود، کونسولی گشتيی ئهو وڵاته لە هەرێمى كوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکە دزهيى باسی لە بایەخی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کوێت کرد و ستایشی ئەرک و کارەکانی کونسولی گشتيی ئەو وڵاتەی لە هەرێم کرد کە کار بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان دەکات.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم کرد بۆ فراوانکردنی پەیوەنديی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ دونیای دەرەوە و ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان، هاوکات هانیدان بۆ بەستنی کۆڕبەندێکی ئابووری و بازرگانی نیوان کوێت و هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکەش، دزهيى گوتی: ساڵانێکه ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت. ئێستاش گۆڕانکارییەکان دەخوازن هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن و ڕێگری لە شەڕ و گرژی بکەن و ڕێز لە مافی سەرجەم پێکهاتەکان بگیرێت.
باڵیۆزی کوێت لە عیراق خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەبڕی و ستایشی پێشووەچوونەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و هیوای خواست بتوانن لەگەڵ کەرتی تایبەت و ژووری بازرگانيی کوێت ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەرێمى كوردستان بەرزتر بکەنەوە. هاوکات ئاماژەی بەوە دا هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و ژینگەکەی لەبارە بۆ وەبەرهێنان.
هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەت لە هەرێم و عیراق و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداو ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بوو.