Skip to the content

سەفین موحسین دزەیی: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ی شوباتی ٢٠٢٦، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی گەورەی بازرگانی و ئابووریی وڵاتی ئەڵمانیا کرد و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.

سەفین دزەیی، سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیای لە هەولێر کرد، بۆ ڕێکخستنی ئەم دەرفەتە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە ئابوورییەکەی فرەچەشن بکات و دەرگای بۆ هەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایانە واڵایە کە دەیانەوێت لە بوارەکانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیای سەردەمدا کار بکەن". ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت هەموو جۆرە ئاسانکارییەکی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دابین کردووە.

بڕیارە شاندە بازرگانییەکەی ئەڵمانیا، زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و نوێنەرانی کەرتی تایبەت ئەنجام بدەن. سەفین دزەیی، هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هەوێنێکی سوودبەخش بۆ هەردوولا و پەرە بە ژێرخانی ئابووریی هەرێم بدات.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری ئەڵمانیا کرد و گوتی: "ئەڵمانیا هەمیشە پاڵپشتێکی بەردەوامی هەرێمی کوردستان بووە، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش و ڕۆژە ناخۆشەکاندا". هەروەها باسی لەوەش کرد، کە ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا، وەک پردێکی گرنگی پەیوەندیی دەبینرێن، کە توانیویانە لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پەرە بە خۆیان بدەن و ببنە مایەی سوود بۆ هەردوولا.