Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیای کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هیشام ئەلجبووری هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیسپانیا، سەردانی ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیایان کرد و لەلایەن سیناتۆرانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئانا بێلتران ڤیالبا، لووک ئوریبێ ئێتخێباریا ئاپالەتێگی، جۆسو ئێستارۆنا ئێلیزۆند پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندیی ئابووری و کەلتووریی نێوان ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا. دواتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژەی بە سیستەمی حکومڕانی ئیسپانیا کرد و هیوای خواست عێراقی فیدڕاڵ سوود لەو ئەزموونە وەرگرێت. هەروەها پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق باسی لێوەکرا. 

سیناتۆرانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیسپانیاش، سوپاسی گەلی کوردستان و پێشمەرگەیان کرد؛ بۆ ڕۆڵی سەرەکییان دژی داعش، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی دیالۆگ و پشتیوانیکردنی دیموکراسییەت، بەسەر توندوتیژیدا لەم سەردەمە هەستیارەدا.

لە کۆتاییدا بەرپرسی فەرمانگە، پوختەیەکی دەربارەی بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی پێشکەش کرد و هەردوو لایەن باسیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ و  هەرێمەکان.