Skip to the content

نووسینگەی نوێی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کرایەوە

ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە مەدرید، لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە ئامادەبوونی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق، ستافی باڵیۆزخانە و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە مەدرید، نووسینگەی نوێی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کرایەوە.

لە وتارێکدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژەی بە گرنگی هەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە مەدرید دا و ڕایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق، کراوەن بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی کردن.

دوای پێشکەشکردنی کورتەیەک لەبارەی ئاڵەنگارییەکانی پێشوو و ئێستای ناوچەکە، بەڕێزیان بە بیری ئامادەبووانی خستەوە کە گرنگە ڕۆژانە ئاشتی و دۆستایەتیی هەڵبژێردرێت، لە جیاتی توندوتیژی، تاوەکوو ئاییندەیەکی گەش بەرقەرار بێت.

لە پەراوێزی کردنەوەی نووسینگەی نوێی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، سەفین دزەیی، چەند دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئیسپانیا و دیپلۆماتکار و پارتە سیاسییەکان و بازرگانان ئەنجامدا.