بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە زانکۆی ڕێی خوان کارلۆس لە ئیسپانیا, سیمینارێکی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد
سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئیسپانیا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە زانکۆی ڕێی خوان کارلۆس لەلایەن جێگری ڕاوێژکاری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لێکرا.
سەفین دزەیی، سمینارێکی بۆ ژمارەیەک مامۆستا و قوتابییانی بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کرد.
مەبەست لە پێشکەشکردنی سمینارەکە، ئاشناکردنی قوتابیان و شارەزایانی زانستە سیاسییەکان بوو، بە هەرێمی کوردستان و پێشهاتە سیاسییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی.
لە کۆتاییدا، ئامادەبووان چەند پرسیار و سەرنجێکیان ئاراستەی بەرپرسی فەرمانگە کرد و بەڕێزیان ڕوونکردنەوەی تەواوی پێشکەش کردن.