Skip to the content

سەرۆک وەزیران

مه‌سرور بارزانی

مه‌سرور مسعود مسته‌فا بارزانی، له‌ ٢\٣\١٩٦٩ له‌ گوندی دیلمان له‌ ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی چاوی به‌ دنیا هه‌ڵهێناوه‌.
له‌ هاوینی ساڵی ١٩٨٥ له‌ ته‌مه‌نی ١٦ ساڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ رێزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردووه‌ و له‌ ریزی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخوازه‌وه‌ ده‌ستی به‌خه‌باتی چه‌كداری كردووه‌.
ساڵی ١٩٨٨ به‌شداریی مه‌یدانیی داستانی به‌نێوبانگی (خواكوڕه‌ك)ی كردووه‌ له‌دژی سوپای رژێمی دیكتاتۆریی بەعس و به‌كامیرای تایبه‌تی خۆی بەشێکی نەبەردییەکانی پێشمەرگەی تۆماركردووه‌، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ فیلمه‌ دیكیۆمێنتاره‌كانی شۆڕشی چه‌كداری گه‌لی كوردستان داده‌نرێت.

مەسرور بارزانی

ساڵی ١٩٩١ له‌ دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می كه‌نداو به‌شداری له‌راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان کردووە‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌هۆی شۆڕش و به‌رخودانی گه‌لی كورد ژیانی منداڵی خۆی له‌ ئاواره‌یی به‌سه‌ربردووه‌، به‌ڵام قۆناغه‌كانی خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی له‌ ئێران به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕیوه.

ساڵی ١٩٩٢ بۆ فێربوون و شاره‌زابوون له‌ زمانی ئینگلیزی رووی له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی شانشینی به‌ریتانیا كردووه‌ و بۆ ماوه‌ی ساڵێك له‌وێ خوێندوویه‌تی‌.

دواتر بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن ڕووی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كردووه‌ و له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكا له‌ واشنتۆن دی سی(١٩٩٣- ١٩٩٧)ده‌ستی به‌ خوێندن كردووه‌و به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕوانامه‌ی بكالۆریۆسی له‌ زانستە سیاسیەکان به‌ده‌ستهێناوه‌.

پاشان له‌ هه‌مان زانكۆدا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامه‌ی ماجستێر، لە بواری ئاشتی و چارەسەری ناكۆكییه‌كان خوێندوویەتی.

ساڵی ١٩٩٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی ١٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌ و به‌ ده‌نگی به‌شداربووانی كۆنگره‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌ و بووه‌ته‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی ئاژانسی پاراستن و هه‌واڵگری پێ سپێردراوه‌.

ساڵی ٢٠٠٥، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی دامه‌زراند، وه‌ك‌ ده‌زگایه‌كی خێرخوازی قازانج نه‌ویست بۆ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی و هاوكاری به‌ ئاوارە‌ و په‌نابه‌ران و كه‌سانی خۆجێیی، كه‌ پێویستیان به‌ یارمه‌تییه‌.

له‌ كۆنگره‌ی ١٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٠ به‌ڕێوه‌چوو، یه‌كه‌مین ده‌نگی به‌شداربووانی كۆنگره‌ی به‌ده‌ستهێناو به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی هه‌ڵبژێردرا.

به‌ فه‌رمانی به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕیاری ژماره‌(٦٨) له‌ ٣٠\٤\٢٠١٢ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ده‌زگاكانی ئاسایش، هه‌واڵگری سه‌ربازی و دامه‌زراوه‌ هه‌واڵگرییه‌كان به‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا.

له‌ دوای ئابی ٢٠١٤، له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لەگەل هاوپەیمانان پێکهێنا، کە ئەم هەوڵە هاوبەشە رۆلێکی کاریگەری لە ئاڕاستەکردنی هێرشە ئاسمانییەکان و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان لە دژی تیرۆریستان هەبوو. خودی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی مەیدانی لە بەرەکانی جەنگ ئامادە بوو و بەشداریی لە سەرپەرشتی کردنی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش کردووە.

دامەزرێنەر و سه‌رۆكی فه‌خریی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستانه‌ له‌ دهۆك، كه‌ له‌ دێسه‌مبه‌ری ٢٠١٣ دا به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌كه‌ی دانا.

خێزانداره‌و خاوه‌نی سێ كوڕ و كچێكه‌ بەناوەکانی( یاسمین، ئارین، بەرزین، ئاران)
شاره‌زایی ته‌واوی له‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌ و قسه‌كردن به‌ زمانه‌كانی (كوردی، فارسی و ئینگلیزی) هه‌یه‌ و له‌ زمانی عه‌ره‌بیش تێده‌گات.

لە بواری هونەری و وەرزشی شارەزایی لە شێوەکاری و ئەسپ سواری و مەلەوانی هەیە.