Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات

• درێژەکێشانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە زەمینەی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوە تیرۆریستیەکان دەرەخسێنێت
• پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران
• چاوەڕێین بەغدا هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بهاوێژێت لە سەر بنەمای دەستوور

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٩/١٠/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەیڤد شنکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا کرا. سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لەدۆخی ئێستای باکووری رۆژھەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان و لێکەوتەکانی دەربڕی.

جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە کۆتایی بە تووندوتیژی و گرژییەکانی ناوچەکە بێت، چونکە درێژەکێشانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە، زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی رێکخراوە تیرۆریستیەکان دەرەخسێنێت.

هەروەها ئاماژە بەوەش درا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق تاوتوی کرا و ئاماژە بەوە درا حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پێشنیاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خستووەتە روو، بۆیە چاوەڕێین بەغدا هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بهاوێژێت لە سەر بنەمای دەستوور.