Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

 

  • پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت
  • گفتوگۆی بەغدا و هەولێر بەردەوامە و بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕوات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2019/9/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە جۆن ویلیکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق .

لە کۆبوونەوەکەدا کە جەیمس سۆرۆنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەبوو. باڵیۆزی بەریتانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بە گەشبینی و ئەرێنی پێشوازی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادەیە بۆ هەموو هاوکارییەک و گوتیشی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گەشەکردندایە. خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە ئێستا کەشێکی ئەرێنی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە. هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی کۆمپانیا بەریتانییەکان کرد بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پێشکەوتنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و روونیکردەوە کە ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن و پەیوەندییەکان بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕۆن و لەیەکتێگەیشتنێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوو.

سەرۆکی حکومەت داوای لە باڵیۆزی بەریتانیاش کرد کە ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ هاتوچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا بە تایبەتی بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بتوانن سەردانی بەریتانیا بکەن. لەم رووەوە باڵیۆزی بەریتانیا روونیکردەوە کە لەمەودا پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لە سەر مەترسی هەڕەشەکانی داعش کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق دەستیان بۆ خۆرێکخستنەوە و جموجۆڵ کردووەتەوە و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە و رێگریش لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات بۆ شوێنەکانیان.

بۆیە جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان ، هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت.