Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پشووی دامەزراوەکانی حکومەت درێژ بکاتەوە

• ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاووڵاتییان دەکات بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی.
• بڕیاریدا پشووی فەرمی دامودەزگاکانی حکومەت تا رۆژی ٢ی ئایار درێژ بکرێتەوە و رێکارەکانی خۆپارێزیش بەردەوام بن.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٤/١٥، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەشدار بوو ، دۆخی تەندروستی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێنرا و دوایین پێشهات و پلانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاوتوێ کرا.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بارگرانی لە سەر خەڵک سووک بکەین بە شێوەیەک کە کاریگەریی لە سەر جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەکان نەکات.

ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدا سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاووڵاتییان دەکات بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی، بڕیاریدا پشووی فەرمی دامودەزگاکانی حکومەت تا ٢ی ئایار درێژ بکرێتەوە و رێکارەکانی خۆپارێزیش بەردەوام بن.

لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ھەرێم بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ئامادەکاریی ناردنی شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان بەمەبەستی بەدواداچوونی ماف وشایستەکانی ھەرێمی کوردستان ویەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی کۆرۆنا و قەیرانی بارودۆخی دارایی لە عێراق وھەرێمی کوردستانیش.

ئەنجومەنی وەزیران لە (٣٢)مین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، داوای کرد کە حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو زیانانەشی بەر ھەرێمی کوردستان کەوتوون لە دەرئەنجامی سیاسەتی کاوڵکاریی رژێمەکانی پێشوو وەک لە دەستووردا بە ئاشکرا جێگیر کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هێرشی حەفتەی رابردووی تیرۆرستانی داعشیشی بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆ ئیدانە و شەرمەزار کرد کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی تر، ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ھێشتا مەترسی تیرۆر ماوە و کۆتایی پێنەھاتووە، ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هێزی پێشمەرگەشی کرد کە جگە لە راپەڕاندنی ئەرکی پاراستنی ھەرێم لە ھێرشی تیرۆریستان، یارمەتی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆش دەدات بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی.

ئەنجومەنی وەزیران ھەروەھا جەژنی قیامە لە خوشک و برا مەسیحییەکان و سەری ساڵی ئاینی ئێزدیشی لە خوشک و برا ئێزدییەکان پیرۆز كرد.