Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

• پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت دەکەین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و برەودان بە پرۆسەی چاکسازی.

سەرۆکی حکومەت :

• هیواداراین حکومەتی داهاتووی عێراق، پابەند بێت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور .

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/٢/٣ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پشتگیریی بۆ ھەنگاوەکانی حکومەت دەربڕی سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی وپڕۆژەکانی حکومەت و برەودان بە پرۆسەی چاکسازی لە چواچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم ، داواشی کرد کە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن بە بێ جیاوازی.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق لەم دۆخە نائاساییەی ئێستا دەربچێت و ، گوتیشی خوازیارین کێشەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی فاکتەرێکی سەقامگیریی بێت لەناوچەکەدا و پەیوەندییەکی هاوسەنگيشی لە گەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت لە سەر بنەمای رێزلەیەکگرتنی هاوبەش.

پاشان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە کابینەی نۆیەم و ئاماژەشی بەوەدا کە لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبن کە بەشێکی سەرەکی کارنامەی کابینەی نۆیەمە و ئامانجی هینانەدی دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

دەربارەی دۆخی ئێستای عیراقیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەوڵمانداوە کێشەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین و، هیوداراین حکومەتی داهاتووی عێراقیش، پابەند بێت بەو لەیەکتێگەیشتانانەی لە نێوانمان هاتووەتە ئاراوە لەسەر بنەمای دەستوور.

پاشان وەزیرانی تەندروستی وناوخۆ راپۆرتێکیان دەربارەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا ٢٠١٩ ) و رێکارەکانی خۆپارێزیی و پێشگیریی لەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. دووپاتیشیان کردەوە کە تا ئێستا هیچ کەیسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.