Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بولگاریا کۆدەبێتەوە

• سەرۆک وەزیرانی بولگاریا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی بولگاریا کرد.

میونشن، ئەڵمانیا (GOV.KRD) - رۆژی هەینی ٢٠٢٠/٢/١٤ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ، لەگەڵ بۆیکۆ بۆریسۆڤ سەرۆک وەزیرانی بوڵگاریا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا ، بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بولگاریا تاوتوێ کرا.

سەرۆک وەزیرانی بولگاریا ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە کورد بە دۆستی خۆمان دەزانین و رەوەندێکی بەرچاوی کوردی لە بولگاریا هەیە و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ کۆمەڵگەی بوڵگاری هەیە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وزەدا . سەرۆک وەزیرانی بولگاریا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی بولگاریا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی هەبوونی هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ پرۆسەی وەبەرهینانی ناوخۆیی و دەرەکی.