Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمەریکا کۆبووەوە

• وەزیری وزەی ئەمەریکا: هەرێمی کوردستان بە هۆی لێهاتوویی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایان کردووە

میونشن، ئەڵمانیا (GOV.KRD) - رۆژی هەینی ٢٠٢٠/٢/١٤ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشنی ئەڵمانیا لەگەڵ دان برولیێت وەزیری وزەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری وزەدا کرا. هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی و رۆڵی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.

وەزیری وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێشکەوتنی ئابووری هەرێمی کوردستاندا کرد و گوتی هەرێمی کوردستان بە هۆی لێهاتوویی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایان کردووە.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و گوتی هیوادارم هەماهەنگیمان زیاتر و بەردەوام بێت.