Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکات

میونشن، ئەڵمانیا (GOV.KRD) - ڕۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشن پێشوازیی لە جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کرا.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی فەرنسای لە هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی دۆستانەی بەرامبەر گەلی کورد كرد. لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، جەختی کردەوە کە پێویستە رێز لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، نوێنەرەکانی هەرێم لە حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن.