Skip to the content

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی دەڤەری پیشەسازیی خۆراكی لە دهۆك دانا

مەسرور بارزانی:
• ناوچەی پیشەسازیی دهۆك بەرهەم و خێری بۆ هەموو كوردستانە.

• لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورە و باشتر لە هەموو كوردستان، بە بێ‌ جیاوازی جێبەجێ دەكەین.

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠٢٠/٧/٢٠ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی دەڤەری پیشەسازیی خۆراك لە شاری دهۆك داندرا.

سەرۆكی حكومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیە گوتارێكی پێشكەشكرد و بایەخی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری بە بیر ئامادەبووان هێنایەوە و گوتی "لە دەستپێكی ئەو كایبنەیەی حكومەت بەڵێنمان پێدان گرنگی بە كەرتەكانی دیكەی ئابووری بدەین و بە تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات لە كوردستان نەبەستین، بۆیە گەشەپێدان بە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی، یەكێك لەو بەڵێن و بەرنامانە بووە، كە لە كارنامەی حكومەت دا هاتووە، ئەمڕۆیش خۆشحاڵم لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو ناوچە پیشەسازییە لە پارێزگای دهۆك، كە بەرهەم و خێری بۆ هەموو كوردستانە".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە و وەزارەتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و هەموو ئەو وەزارەتانەی دیكە كرد، كە لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و دامەزراندنی ئەو دەڤەری پیشەسازییە، رۆڵیان دەبێت و گوتی "لە چەند رۆژی رابردوو ئەمە سێیەم پڕۆژەی ستراتیژیە دەستمان پێكردووە، دوایین پڕۆژەیش نابێت، پەنا بەخوا لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورە و باشتریش لە هەموو كوردستان، بێ‌ جیاوازی ئەنجامدەدەین".

سەرۆكی حكومەت گوتی "دەوڵەمەندكردنی ژێرخانی ئابووری دەبێتە هێز و وزە بۆ هەموو كوردستان، بەرنامەی ئێمە ئەوەیە كوردستان بەرەو پێشكەوتنێكی گەورەی ئابووری بچیت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەم حكومەت بەرنامەی خۆی وەك بەڵێن دراوە جێبەجێ بكات، هەم لەگەڵ كەرتی تایبەت پێكەوە هاریكاربن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە". ئاماژەشی بەوەكرد، حكومەت چەند بڕیارێكی داون بۆ ئەوەی گرنگی بە كەرتی تایبەت بدات، هەندێك بەرنامەشی هەن هاوبەشن، ئامانجیش ئەوەیە چاو و رزقی خەڵك لە دەستی خۆی بێت و چاوی لە دامەزراندن لە دامودەزگاكانی حكومەت نەبێت".

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەكرد ئەو قەیرانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، ڕێگەی لە حكومەت نەگرتووە، پڕۆژەكانی جێبەجێ بكات.
سوپاسی دامودەزگاكانی پاریزگای دهۆك و هەروەها پارێزگاری پێشووی دهۆكیشی كرد، كە لە بارودۆخی زۆر ناخۆشدا رۆڵێكی دیاریان هەبووە لە ئیدارەدانی رەوشەكە و گوتی"دەزانین خەڵكی دهۆك زەحمەتییەكی زۆریان بینیووە، خەڵكی دهۆك دەرگایان بە رووی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرە كردۆتەوە، وێڕای ئەو توانا كەمەی لە بەردەستی پارێزگای دهۆك بووە، كەمتەرخەمی نەكراوە، هیوادارین لە داهاتووشدا بتوانین لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا كار بۆ ئەوە بكەین ئاوارەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانیان".
لە بەرامبەر ئەوەشدا، سوپاسی خەڵكی دهۆكی بە هەموو قەزا و ناحیەكانیەكانییەوە كرد و گوتی " ئەوە نیشانەی مرۆڤدۆستی ئێوەیە، نیشانەی دڵگەورەیی ئێوەیە، نیشانەی ئەوەیە پرەنسیپ و باوەڕی رەسەنی كوردایەتی لای ئێوە چەند ساغ و زیندووە".
خۆڕاگری و گیانفیدایی خەڵكی دەڤەرەكەشی لە شەڕی دژی داعش و تیرۆریستان، بە پارێزگاریكردن لە خەڵكی كوردستان، كە گیانی خۆیان بەخشی و كوردستانیان پاراست، بە بیرهێنایەوە و گوتی "ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست دێت و دەیبینین، بەرهەمی خەبات و خوێن و زەحمەتی ئەوانە".
سەرۆكی حكومەت ئەوەشی گوت "ئەو پڕۆژانە هێزێكی زیاتر بە حكومەت دەبەخشێت بۆ ئەوەی ئێمە لە هەموو كەرتەكانی دیكەدا بەرنامەكانمان جێبەجێبكەین. بەرهەمی ئەو پڕۆژانە رەنگە لە كاتێكی نزیكدا بەدەستبێت، ئینجا دەردەكەوێت ئەو بەرنامەیەی حكومەت بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەی داهات و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژیانە، بڕیاری دروستن".

لە كۆتایشدا جارێكی تر سوپاسی هاونیشتمانیان و دامەزراوەكانی حكومەتی كرد، كە لەو قۆناغە سەختەدا كاری باش كراوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دۆخە و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان و خۆپارێزیی لە پەتای كۆرۆنا.